image

پەیامی کورد     ...    پێشبینییەکانی وەزارەتی تەندرووستی مەترسیدارن

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لەبەرزبوونەوەیە و "لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا ژمارەی تووشبووان کۆرۆنا بە رێژەیەکی بەرز زیادی کردووە پێشبینییەکان ترسناکن"، سەبارەت بەو رەوشەش، وەزیری تەندرووستی و رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە کۆبوونەوەدان.

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، "بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی وەزیری تەندرووستی، ئەنجوومەنی راوێژکاری پزیشکانی پسپۆر و راوێژکار و خاوەن ئەزموون، لەگەڵ رێکخراوی تەندرووستی جیهانی (WHO) لە کۆبوونەوەدان تایبەت بە ڕەوشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی راگەێندراوەکەدا هاتووە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا "لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان گواستنەوەی نەخۆشی ڤیرووسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی بەرز زیادی کردووە، پێشبینییەکان ترسناکن و پێویستییان بە بەشداربوونی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ خۆپاراستنیان لەم ڤایرۆسە".

ماوەیەکە وەزارەتی تەندرووستی بەچڕی داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان بپارێزن لە کۆرۆنا، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، رۆژ دوای رۆژ تووشبوون بە کۆرۆنا زیاتر دەبێت.

لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەر رۆژێک زیاتر لە هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، بەمەش ژمارەی تووشبووان تائێستا گەیشتووەتە نزیکەی ٦٥ هەزار کەس و دوو هەزار و ٣٦ کەسیش بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.