image


 پەیامی کورد... شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

 

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عیراق گەیشتە بەغداو بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ وەفدەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە.

 

بەپێی زانیارییەكان شاندەی حكومەتی هەرێم پێكهاتوون لە (ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم)، مەبەستی سەردانەكەش بۆ تاوتوێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و پشكی كوردە تێیدا.

 

پێشتر فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بەوێستگەنیوزی راگەیاندبوو، یەكەم كۆبوونەوەی شاندەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە و تایبەت دەبێت گفتوگۆكردن لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لەپڕۆژەیاسای بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2021، ئەوان تەمەننا دەكەن و هەوڵیش دەدەن ئەو برگەیەی تایبەتە بەهەرێمی كوردستان وەك خۆی تێپەڕێندرێت.

 

سەبارەت بە بوونی تێبینیش لەسەر پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا ئەوەی خستەڕو، "هەرچەندە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر ژمارەیەك لە برگە و مادەكانی بودجە هەیە، بەڵام پێمانخۆشە ناوەڕۆكی پڕۆژەكە هاوشێوەی ئەوەی حكومەتی عێراق ناردویەتی دەستكاری نەكرێت و وەك خۆی پەسەندبكرێت".