image

پەیامی کورد     ...    کێشەی کەم ئاوی پاریزگای هەولێر چارەسەر دەکرێت 

ماوەی چەند ڕۆژێکە کەم ئاوی بەشێک لە گەڕەک و ناوچەکانی پارێزگای ھەولێری گرتووەتەوە و پارێزگاری ھەولێر و فەرمانگەکانی ئاویش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی بە ھاووڵاتییان دەدەن و بڕیارە ھەڵمەتی نەھێشتنی زێدەڕەویی سەر تۆڕەکانی ئاو بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند: "کێشەی کەم ئاوی لە ھەولێر و دەورووبەری چارەسەر دەکەین و ١٥٠ ملیۆن دیناریش بۆ فەرمانگەکانی ئاو خەرج دەکرێت، ھەروەھا داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین وەک سامانێکی نیشتمانی دەست بە ئاوەوە بگرن."

پارێزگاری ھەولێر ھۆشداری دایە ئەو کەسانەی زێدەڕەوی دەکەنە سەر تۆڕەکانی ئاو و ڕوونی کردەوە: "لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەست بە ھەڵمەتی نەھێشتنی زێدەڕەوی سەر تۆڕەکانی ئاو دەکەین و داواش دەکەین لەوانەی زێدەڕۆیییان کردووە، زێدەڕۆییەکانیان لا ببەن و پێویستە ھاووڵاتییان تەوافە لەسەر تانکیی ماڵەکانیان دابنێن."

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاوی ھەولێریش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ژمارەیەک گەڕەکی نێو سەنتەری شاری ھەولێر کێشەی کەمئاوی پەیدا بووە، وەک ھەریەک لە گەڕەکەکانی نالی و ٣٢ پارک و سیمی خاتووناوە و کۆمەڵگەکانی دەورووبەری شار، بەڵام ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی."

ئەندازیار ئاری ئەحمەد دەڵێت: "نزیکەی ١٥ بیر لێ دەدرێت، بەشێکیان لەنێو شار و بەشێکی دیکەیان دەکەونە قەزا و ناحیەکانی دەوربەری ھەولێر لە بنەسڵاوە و پیرزین و شوێنەکانی دیکە، بەمەش دەتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین."