image


پەیامی کورد ... سبەی شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

 

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێك، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا، بڕیاریدا لە سبه‌ی پێنجشەممەوه‌ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت "بە تەمویلکردنی مووچە بە ڕێژەی 79%"، هه‌روه‌ها بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كەمئەندامیشن بڕیاری پێدانی دەرماڵەی پەككەوتەیی درا. 

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە و هەموو هەوڵ و توانای خۆشی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، شایستە داراییەکانی هەرێم، مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەرگیز سازشی لە سەر ناکەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم.

به‌وته‌ی مه‌سرور بارزانی، "لەم ڕۆژانەشدا بەردەوام لە سەر هێڵ بوین لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کە بەلێنیانداوە بابەتی ناردنی موچە لە چەند رۆژی داهاتودا چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک، لە کاتی خۆیدا بەشە موچەی هەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە موچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا، لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە".

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیاریدا لە ڕۆژی پێنجشەممە 2020/12/3 دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت بەو داهاتەی لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە و بە تەمویلکردنی مووچە بە ڕێژەی 79%. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. 

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، لە بڕگەی دووەمی کۆبونەوەکەدا، پڕۆژەی پێداچونەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو رسوماتەی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە خرایەڕوو و داوایکرد، پەلە بکرێت لە ناردنی زانیاری تایبەت بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەکان بۆ لیژنەی باڵا، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەیان. 

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوه‌کەشدا، لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە (دەرماڵەی لە بری کەمئەندامی) خرایەڕو، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەندکرد.