image


پەیامی کورد ... کاسبکارێکی کورد لە سنووری پاکیستان کوژرا

 

کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری بانەی پارێزگای سنە، لە کاتی کاسبی کردندا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٣ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، دەسڕێژیان لە ئوتۆمبێلی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی بانە بە ناوی "بێهزاد محەمەدی" کردووە و شۆفیری ئوتۆمبێلەکەیان کوشتووە.

 

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فیشەکی هێزەکانی سپای پاسداران، سەری ئەو کاسبکارە کوردەی پێکاوە. ئەو کاسبکارە لە سنووری کافەچی شاری سەرباز کە هاوسنوورە لە گەڵ وڵاتی پاکیستان کوژراوە.

 

ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەزیش (٢٧ی نۆڤامبەر)، کاسبکارێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی "سیامەک کەریمی" تەمەن ٣٠ ساڵ، لە جادەی فوومەن بەرەو سەبزەوار لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرابوو.