image


پەیامی کورد … سبەی بریار لە سەر داخرانی ناوەندەکانی خوێندن دەدرێت

 

بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەبارەی زیادبوونی ژمارەی توشبوان بەكۆرۆنا كۆبێتەوەو بەئەگەرێكی زۆرەوە بڕیاربدات جارێكی تر ناوەندەكانی خوێندن بۆ ماوەیەك دابخرێنەوە.

 

د.رەهێڵ فەرەیدون لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی توشبوان بەكۆرۆنا لەهەرێم لەهەڵكشاندایەو زۆر زیادیكردوە، بۆیە سبەینێ لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوەو دوو بابەتی گرنگیش تەوەری كۆبوونەوەكە دەبن، یەكێكیان جێبەجێنەكردنی بڕیاری پێشتر بۆ داخستنی سنورەكان و رێگەدان بەهاتنی گەشتیاران بەتایبەت لەناوچەكانی تری عیراقەوە بۆ هەرێم كە پێشتر بڕیاردرابوو هاتنی گەشتیاران قەدەغە بكرێت.

 

باسیلەوەشكرد، تەوەرێكی تر لەبارەی خوێندنەوە دەبێت و دۆخی توشبون بەكۆرۆنا لەناوەندەكانی خوێندن لەپەروەردەو زانكۆكان زیادیكردوە، بۆیە ئەگەرێكی زۆر هەیە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا بڕیار بدات بۆ ماوەیەكی كاتی دەرگای خوێندنگەو زانكۆكان دابخرێنەوە.

 

ئەوەشی وتوە، "لەناو ناوەندەكانی خوێندن وەك پێویست رێنماییە خۆپارێزییەكان جێبەجێنەكراوە، بۆیە ئامارەكانی توشبون بەكۆرۆنا زیادیانكردوە".