image

پەیامی کورد     ...    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئارتاك ئاپیتۆنیان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە هارچیا پۆلادیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق و ئارشاك مانۆكیان كونسوڵی ئەرمینیا لە هەولێر و چەند دیپلۆماتكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا.

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا پێزانینی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو كە ژیانی خۆی بۆ ئازادی و مافەكانی نەتەوەكەی تەرخان كردووە. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و دام ودەزگای هەرێم و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاراستن و قووڵتركردنی پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان. جەختیشی لەوە كردەوە كە ووڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێز و فراوان بكات.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و ئەوەی خستەڕوو كە پەخشی یەكەم ڕادیۆی كوردی لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەڵگەیە لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەی نێوان هەردوو گەل. خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیا فراوانتر ببن. ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كوردستان وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەمێنێتەوە و بە هەموو توانایەك پشتیوانی لە مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.