image

پەیامی کورد     ...    سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى ڕەوتى حیکمە کرد

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 29/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى بە سەرۆکایەتی شێخ حەمید معەلە ئەلساعدى، سەرۆکى کۆنگرەى گشتی ڕەوتەکە کرد.

لە دیدارێکدا دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکان و هەڵبژادنە پێشوەختەکانى داهاتووى عێراق و بابەتى دادگاى فیدراڵى و میکانیزمى دەستنیشانکردنى ئەندامانى تازەى دادگاکە، پەیوەندى و کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنیان تاوتوێ کرد.

هەردوولا هاوڕابوون کە پێشهاتە ئەمنییەکانى عێراق و هەڕەشەکردن لە نێردە دیپلۆماسییەکان، بەرژوەندی ووڵات دەخەنە مەترسی جیددییەوە و تێپەڕاندنى کێشە و قەیرانەکان پێویستى بە کارى هاوبەش و هەماهەنگی نێوان لایەنە عێراقییەکان و ڕەچاوکردنى بەرژوەندییەکانى وڵات هەیە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە ئامادەیى و خواستى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى تەواوى کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ لەسەر بنەماى دەستوور کردەوە و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەردوولا و تەواوى کێشە ناوخۆییەکانى عێراقى بە کلیلى سەقامگیری ووڵات لە قەڵەم دا.