image

پەیامی کورد      ...   سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسولى گشتی هۆڵەندا کرد

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥/١٠/٢٠٢٠  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە هانس ئاکەربووم، کونسولى گشتی هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و هۆڵەندا و برەودان بە بوارەکانى هاوکاری نێوان هەردوولا، هاوکاری کەرتى تایبەتى هۆڵەندى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵی دا، ئامادەیى و چالاکی ڕەوەندى کوردستان لە هۆڵەندا، دۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق، مەترسییەکانى تیرۆر، پەتاى کۆڤید_١٩ و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، تاوتوێ کرا.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هۆڵەندا دووپات کردەوە و ئاماژەى بەوە دا کە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵى و خوێندنى زانکۆیی ئەو بوارەدا، دەتوانێت سوود لە ئەزموونى سەرکەوتووى هۆڵەندا بۆ بەرەوپێشبردنى کەرتى کشتوکاڵ ببینێت و دەرفەت و زەمینەیەکى باشى پێشخستنى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان هەیە کە دەکرێت کەرتى تایبەتى هۆڵەندى سەرمایەگوزارى تێدا بکات.

لاى خۆیەوە کونسولى گشتی هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵى بە کارى هاوبەش و هاریکاریى لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاکاندا، باسى لە هاوکاری کەرتى گشتى و تایبەتى هۆڵەندى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵیدا کرد و هەموو پشتگیرییەکى ووڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە.

هاوکارى و هەماهەنگی هۆڵەندا لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى جێبەجێکردنى چاکسازى و مەشق و ڕاهێنانى پێشمەرگەدا، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پێشهاتەکانى شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.