image

پەیامی  کورد      ...    سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنێستان کۆبوەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنێستان کۆبوەوە و رایگەیاند، كردنەوەی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە بەغدا و هەولێرەوە بۆ یەریڤان، بە هەنگاوێکی باشە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەرمەنستان.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ ئارتاك ئاپیتۆنیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان کۆبوەوە و هەریەکە لە باڵیۆزی ئەرمەنێستان لە بەغدا و كونسووڵی گشتییان لە هەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئەرمەنستان کرا، هەروەها پرسی كردنەوەی باڵیۆزخانەیان لە بەغدا و كونسووڵخانەی گشتییان لە هەولێر، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لە بوارەكانی خوێندنی زانكۆیی، تەكنەلۆژیا و كشتوكاڵ دا، دۆخی ڕەوەندی كوردی لە ئەرمەنستان و پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.

لەراگەێندراوەکەدا هاتووە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنێستان خواستی ووڵاتەكەی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دوپاتكردەوە و سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو گرینگییەی بە پێكهاتەی ئەرمەن دراوە، كە توانیویانە لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتییان هەبێت و كەنیسەیان بكەنەوە و مافەكانیان پارێزراو بێت.