image

پەیامی کورد      ...    سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ئەمریکا کۆبووەوە 

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز ماتیو تولەر باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنى و سیاسییەکانى عێراق و هێرشەکانى سەر هەولێر، دواتر بەلەد و بەغدا تاوتوێ کران و جەخت لە گرینگی و پێویستی هەماهەنگی نێوان لایەنه‌ پەیوەندارەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان و بەردەوامیى هاریکارى و پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى کرایەوە.

باڵیۆزى ئەمەریکا پابەندیى وڵاتەکەى بە بەردەوامیى دیالۆگى ستراتیژیى ئەمریکى ـ عێراقى دووپات کردەوه‌ و سەرۆک نێچیرڤان بارزانییش دیالۆگى ستراتیژى وەک چوارچێوەیەکى گرینگ بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان لە قەڵەم دا، دووپاتیشى کردەوە کە هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندییەکى تەندرووست و کارایە لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق و ئامادەیە کێشەکانى لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکات.

دۆخى هەرێمى کوردستان و گرینگی یەکڕیزیى لایەنەکان، دوایین پێشهاتەکانى بڵاوبوونەى ڤایرسى کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ دابینکردنى ڤاکسین، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەمبارەیەوە، ڕێککەوتنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شەنگال، دۆخى دەشتى نەینەوا و چەند پرسیکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، خرانە بەر باس.