image

پەیامی کورد      ...     سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش UNITAD دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/10/25 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.

لە دیدارەکەدا پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی  تاوتووێ کرا. 

سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش UNITAD تیشکی خستە سەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە.

ئاماژەشی بەوەدا کە ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان .

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاریش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی، لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون، بۆ زەمینەخۆشکردن لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.