image

پەیامی کورد    ...    سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/29 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فائق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرینگی بەهێزکردنی ڕۆڵی بێلایەنانەی سیستەمی دادوەری لە عێراق و هەماهەنگی لە گەڵ دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە دام ودەزگاکانی حكوومەتی فیدرالی، ڕێز لە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بگرن بە تایبەتی لە بواری دادوەریدا. ووتیشی دەبێ دەستووری عێراق بنەما بێت بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان.
سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەسەڵاتی دادوەریی لە عێراق، بێلایەنانە ڕۆڵی کاریگەر و گرینگی خۆی بگێرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی دەستوور. هەروەها پێویستە وەکو قەوارەیەکی فێدرالی و دەستووری، مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت  .