image


پەیامی کورد ... سەرۆکی دەزگای زانیاری سنە: زارا پەروەردەی سەربازی بە منداڵان داوە

 

سەرۆکی دەزگای زانیاریی ئێران لە شاری سنە لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی پەیامنێر لە ئێران و بە بەشداریی ژمارەیەک لە پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسانی شاری سنە ڕێکخرابوو،  وێرای دەستخۆشی لەهێندێک ڕۆژنامەنووس کە بە قازانجی ڕێژیم نووسیویانە، هەڵیکوتایە سەر بەشێکی دیکە لە ڕۆژنامەنووسانی کورد.

 

لەو ڕێوڕەسمەدا کە “ماڵی چاپەمەنی” پارێزگای سنە ڕێکخستبوو، سەدری سەرۆکی دەزگای زانیاری سنە بە توندی ڕخنەی لەو ڕۆژنامەنووسانەی گرتووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیری “زارا محەمەدی” مامۆستای زمانی کوردییان کردووە.

 

سەدری لە قسەکانیدا زارا محەمەدی وەکوو ئەندامێکی یەکێک لە گرووپە دژبەرەکانی ئێران ناساندووە و وتوویە: “زارا محەمەدی بە بیانووی پەروەردەی زمانی کوردی بە گوندەکانی کوردستاندا گەڕاوەوە و پەروەردەی سربازی بە منداڵان داوە و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە پشتگیری ناوبراو دەکەن، ئەوە پشتگیری ئەو گرووپە دژبەرانەی دەکەن کە دژایەتی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن.

 

زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی نۆژین لە شاری سنە، ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و دوو مانگ بەر لەئێستا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی وتنەوەی وانەی کوردی و فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی سنە و دەورووبەری حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.