image

 

پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە هەموو ئێزیدییەکانی کوردستان و جیهان دەکات

 

سەرۆك مەسعود بارزانی  بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی ئایینی ئێزیدییەکان بابا شێخ پەیامێکی سەرەخۆشی بلاو کردەوە.

 

دەقی تەواوی پەیامەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

بەداخێكی زۆرەوە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 1ـی 10ـی 2020 كەسایەتیی ئایینی و سەرۆكی ڕۆحانیی ئایینی ئێزیدی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل (بابا شێخ) لە شاری هەولێر كۆچی دوای كرد. بابا شێخ كەسایەتییەكی ئایینی دیار و نیشتیمانپەروەری كوردی ئێزیدی بوو كە لە هەموو بارودۆخێكدا هۆكاری خێرخوازی و چارەسەركردن كێشەكان بووە لەناو خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و بۆ بڵاوكردنەوەی تەبایی و پێكەوەژیان درێخی نەكردووە. لە هەمانكاتیشدا بابا شێخ هێمایەكی ئایینی و مەعنەوی بووە و بە تایبەتیش لە بارودۆخی ئێستادا لەدەست دانی خەسارەتێكی گەورەیە.

 

سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئایینیی ئێزیدی و پیاوانی ئایینی ئێزیدی و خانەوادە و كەسوكاری بابا شێخ و تەواوی خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و هەموو جیهان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی بابا شێخ بخاتە بەر ڕەحمەت و دلۆڤانیی خۆی و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

 

مسعود بارزانی

 

1ـی 10ـی 2020