image

پەیامی کورد     ...     

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند : هەولێر ناوەندێکی سیاسی، ئابووری و بازرگانی گەورەیە لە عێراق و ناوچەکە، "رێگەش نادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ ناونیشانێک سەقامگیری ئەم شارە تێکبدات". 

پارێزگاری هەولێر زنجیرەیەک سەردانی بۆلای لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر دەستپێکردووە و لە میانی سەردانی بۆ مەڵبەندی سێی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ووڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی ڤیرووسی کۆرۆنا و پاراستنی سەقامگیریی هەولێری کرد. 

فرسەت سۆفی رایگەیاند، "پێویستە ئیدارەی پارێزگا و هەموو لایەنە سیاسییەکان سەقامگیری و ئاسایشی هەولێر و هەرێمی کوردستان وەکوو چاوی خۆیان بپارێزن. رێگەنادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ تایتڵێت و خۆشاردنەوە لەژێر هیچ ناونیشانێک سەقامگیری ئەم شارە تێکبدات". 

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، باوەڕی تەواویان بە ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندان هەیە "بەڵام ئەوەش کات و سات و میکانیزمی خۆی هەیە". 

فرسەت سۆفی هۆشداری دەدات کە هەر کەسێک و هەر لایەنێک، ناوخۆیی یان دەرەکی بێت و "بیەوێت ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان تێکبدات، ئێمە رێکاری یاسایی پێویست دەگرینەبەر.. هێز و لایەنە سیاسییەکانیش هەموو پشتیوانمانن". 

لەبارەی ڤیرووسی کۆرۆنا پارێزگاری هەولێر داوای لە هاونیشتمانیان کرد کە خۆیان بپارێزن، گوتی "پێشبینی دەکرێت ژمارەی تووشبووان زیاتر ببێت. هاونیشتمانیان پێویستە لە ماڵەکانی خۆیان خۆیان بپارێزن، چوونکە ئەرکەکە ئێستا لەسەر ئەوانە". 

لەبارەی کردنەوەی بازاڕەکانیش، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەنێوان دوو دۆخی دژ بە یەکدابووین، نەدەکرا لەوە زیاتر دووکان و بازاڕ و کاروکاسبی خەڵک رابگرین، "چوونکە برسیەتیش هیچی لە کۆرۆنا کەمتر نییە.. بەڵام ڤیرووسەکەش وەکو ئەوە نییە کە کۆمەڵێک کەس پێیان وایە مەترسیدار نییە، بەڵکوو ڤیرووسێکی مەترسیدارە و ئێستا مەترسی بڵاوبوونەوەکەی زیاترە".