image

پەیامی کورد    ...    کارەكانی تایبەت بە تەواوكردنی پێنجەمین گەورەبەنداوی ھەرێمی كوردستان لە كۆتاییدایە و بەڕێوبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێت، ١١ بەنداوی بچووك و مامناوەند لە هەرێمی كوردستان دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕی ٣٣ ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی ١١ بەنداوی بچووك و مامناوەند لە ھەرێمی كوردستان دابین كردووە. لەو بارەیەشەوە، ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان،  ڕایگەیاند، حكوومەتی ھەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجكردنی بڕی ٣٣ ملیار دینار بۆ بەنداوە تەواونەكراوەكان، كە ژمارەیان ١١ بەنداوە لە تەواوی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان و لەمەودوا دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت و ئامادەكاریی تەواویش بۆ دەستپێكردنیان كراوە.

پەیوەست بە بەنداوی دێوانەش، بەڕێوبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، بەنداوی دێوانە لە دوای بەنداوی دووكان، دەربەندیخان، دھۆك و ئاوەسپی، پێنجەم گەورەترین بەنداوە لە ھەرێمی كوردستان، بە ھۆی ئەم بارانبارینەشەوە بەشی كۆنكرێتیی بەنداوەكە تەواو نەكراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتایی بە كارەكانی بەنداوەكە دێت و دەبێتە پێنجەمین بەنداو لە ڕووی گلدانەوەی ئاوەوە لە ھەرێمی كوردستان.

بەنداوی دێوانە دەكەوێتە سنووری دەربەندیخان و ساڵی ٢٠١١ بەردی بناغەی داندرا، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكە ڕاگیرا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو بەنداوە سوودێكی زۆری بۆ خەڵكی دەربەندیخان و دەوروبەی دەبێت، ھاوكات كەمیی ئاوی ئەو ناوچەیە چارەسەر دەكات و بۆ سامانی گشتی و ژینگەی ئەو ناوچەیە و جووتیارانیش بەسوودە.