image

پەیامی کورد     ...    بڕیارە گەورەترین كاروانی ھاوكاریی مرۆیی لە ھەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستانی بكرێت، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان -سووریاش دەڵێ، زیاتر لە سەد ھەزار كەس ئاوارە بوونە و پێویستیان بە ھاوكاریی بەپەلە ھەیە.

لەو بارەیەوە، سەعید عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان –سووریا، رایگەیاند: "رەوشی رۆژئاوای كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكانی سەرێكانی و گوندە سنوورییەكان ئاوارە بوونە، كە زیاتر لە سەد ھەزار ھاووڵاتی سڤیل دەبن، نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستیی رۆژانەش تەنگی بە رۆژئاواییەكان ھەڵچنیوە".

بەپێی زانیارییەكان ، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە یەك تا دوو رۆژی داھاتوودا گەورەترین كاروانی ھاوكاری دەگەیەنێتە رۆژئاوای كوردستان و بەسەر خەڵكی لێقەوماوی ناوچەكەدا دابەش دەكرێت.

سەعید عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "خەڵكی رۆژئاوا پێویستیان بە ھاوكاری مرۆیی ھەیە، بە تایبەتی ھەماھەنگی تەواومان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەیە بۆ گەیاندنی ھاوكاری، چوونكە ھاووڵاتیان چاویان لە گەیاندنی ھاوكاری بەپەلە ھەیە و رژێمی سووریاش ھەموو رێگەیەكی لێ گرتوون".