image

پەیامی کورد    ...     ڕوونکردنەوەی لە ووردەکاری زیاتر سەبارەت بە دووهەم بەردی بیناغەی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێم ووردەكاری پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌ترسی سلێمانی ئاشكرادەكات و دەڵێت: به‌ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ كێشه‌ی جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغی ناوشاری سلێمانی بۆ ٢٠ ساڵ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
ڕۆژی شه‌ممه‌ لە سلێمانی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری دانایه‌وه‌ كه‌ به‌ شاڕێی بابان ناونراوه‌.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت وگوزاری هەرێمی كوردستان به‌ رۆژنامه‌نووسانی وت، “پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و لە ئەنجامی فراوانبوونی شاری سلێمانی، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی هاتووچۆ و نەهێشتنی جەنجاڵی هاتووچۆ جێبەجێ دەكرێت، ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتاوە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و جێی بایەخی خودی سەرۆكی حكوومەت بووە”.
لەبارەی ووردەكارییەكانی پڕۆژەكە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، پڕۆژەكە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێكهاتووە، كە لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە، لەكاتی تەواوبوونی هەموو پڕۆژەكە شەقامەكانی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتری بەشێوەی تۆڕێك لە شەقام بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ڕووپۆشی ڕوووبەری ٤٧٢ كیلۆمەتر دووجا دەكات. تاوەكوو ٢٠ ساڵی دیكەش كێشەی جەنجاڵیی هاتووچۆ لە سلێمانی ناهێڵێت.
سەبارەت بە بوودجەی پرۆژەكە، ساسان عەونی ووتی، “پڕۆژەكە لەسەر بودجەی حكوومەت جێبەجێ دەكرێت و بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە”.
درێژیی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی ١٤٦ كیلۆمەترە،پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی ئێستا قۆناغی یەكەمە، كە لە ٣٢ كیلۆمەتر پێكدێت، هەشت یەكتربڕ و شەش ئاوبەری سندووقی تێدایە و بەپێی ستانداردی جیهانی درووست دەكرێت.