image

پەیامی کورد    ...    شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سێ مەبەست سەردانی بەغدا دەكات، لەوانە پێكهێنانی خاڵی هاوبەشی ئۆپراسیۆنەكان لە نێوان پێشمەرگە و سوپا و مەترسی سەر ناوچە كوردستانییەكان و مووچەی پێشمەرگە و كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

میران بەكر، سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند ، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتوون لە وەزیری پێشمەرگە و بریكاری وەزیر و سەرۆكی ئەركانی وەزارەت و ژمارەیەك فەرماندەی باڵا، سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق كۆ دەبنەوە.

میران گوتیشی، لەو سەردانەدا سێ تەوەری گرینگ گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، ئەوانیش بریتین لە پێكهێنانی خاڵی ئۆپراسیۆنی هاوبەش كە پێشتر لە نێوان پێشمەرگە و سوپادا بڕیاری لێ درابوو، هەروەها باسی مەترسییەكانی سەر ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت بە تایبەت ئەو بۆشاییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپادا هەیە و خاڵی سێیەمیش باسی مووچە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانێ نێوان هەردوو لا دەكرێت.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، بڕیارە لەو كۆبوونەوانەی دەكرێن رێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی واژۆ بكرێت.