image

پەیامی کورد    ...    وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیارێکی نوێی بۆ شۆفێرانی تەکسی و پاس دەرکرد .

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لەمەودوا جگەرەكێشان لەناو تەكسی و پاسدا قەدەغە بكرێت و رادیۆش پێویستە کوژاوە بێت، تاکو سەرنشین داوای کارپێکردنی دەکات.
لە نوێترین بڕیاریدا کە ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی پارێزگاکانی هەرێم کراوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بە ئاماژەدان بە رێنماییەکانی رێکخراوی تەندوورستی جیهانی کە تایبەتە بە جگەرە کێشان لە شوێنە گشتییەکان و بەهاوکاری وەزارەتی ناوخۆ داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم کردوە و سزای گونجاو بۆ ئەو کەسانە دابنێن کە سەرپێچی لە دو رێنمایی پەیوەست بە شوێنە گشتییەکان دەکەن.
سەبارەت بە رێنماییەکانیش وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردوە، "بڕیاریانداوە بە قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لە شۆفێری تەکسی و پاسەکان و هەروەها هاووڵاتیان لە کاتی بەکارهێنانی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی تەکسی و پاس".
بڕیاری دووەمی حکومەتیش پەیوەیستە بە بەکارنەهێنانی رادیۆ و (مسجل) لەلایەن شۆفێرەوە، تەنها لەو کاتەدا نەبێت کە هاووڵاتی داوای دەکات، بەڵام لە کاتی نەبوونی سەرنشین شۆفێری تەکسی و پاسەکان ئازادن لە بەکارهێنانی رادیۆ و (مسجل).
ئەوە هەنگاوەی حکومەتیش لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی کاری شۆفێری تەکسی و پاسە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا و لە ماوەی رابردووشدا وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن چەندین بڕیاری پەیوەست بە شێوازی کارکردنی تەکسی شار و مەرجەکانی بوونی شۆفێری گواستنەوەی گشتی دەرکردوە.