
پەیامی کورد ... وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرباری ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەبێ بوودجەیە، بەڵام بەهەبوونی بوودجە بۆ ساڵی ٢٠٢١ کارئاسانی زۆر دەکات بۆ خەرجی و داهاتەکانی حکوومەت و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان.
بەپێی راگەێندراوێکی وەزارەتی پلاندانان، ئەمڕۆ هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران لەدیوانی وەزارەت بە سەرپەرشتی دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێم کۆبوونەوە و لەبارەی پرسی بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق گفتوگۆیان کردووە.
ئاماژە بەوشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی بوودجەکانی وەزارەتی دارایی گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکاریەکانی هەردوو وەزارەت کرا، هەروەها باس لە خشتەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و ئەنجامدانی کۆبونەوە لەهەفتەی داهاتوو لەگەڵیان کرا بەمەبەستی دارشتنی کاری هاوبەش و ئامادەکردنی بوودجەی ساڵی ٢٠٢١.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری پلاندانان داوای لێکردن پەلەبکەن بۆ دانانی میکانیزمەکانی دارشتنی بوودجەی بەکاربەر و بوودجەی وەبەرهێنان کە هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی بەو ئەرکە هەڵدەستن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەبێ بوودجەیە، بەڵام بەهەبوونی بوودجە بۆ ساڵی ٢٠٢١ کارئاسانی زۆر دەکات بۆ خەرجی و داهاتەکانی حکوومەت و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان.