image

 

پەیامی کورد ... ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 

ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، هەروەها دوو پەیڕەوی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیکراو و گیراوی سیاسیی و میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان پەسند دەکات

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە "راپۆرتێکی تایبەت بە بابەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) خرایەڕو کە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک پێشنیار و بڕیاری لەوبارەیەوە پەسەند کرد".

 

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رەشنوسی پڕۆژەی تایبەت بە دو پەیڕەوی خستەڕو، کە بریتی بون لە (پەیڕەوی ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان) و (پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان).

 

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، لە کاتێکدا جەخت لە دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و خەباتی زیندانی سیاسیەکان دەکاتەوە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی راسپارد کە درێژە بە پڕۆسەی چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتانە و جەختکرایەوە لە پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی ئەوانەی شایستەی وەرگرتنین.

 

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن، لە روی مەبدەئیەوە هەردو پەیڕەوەکەی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕو.