image

پەیامی کورد    ...    پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبونەوەیەكیان ئەنجامداو دواتر بارزانی رایگەیاند،"دەبێت چارەنوسی كوردانی سووریا و قوربانیدانیان لەبەرچاو بگیرێت"

بە گوێرەی راگەیندراوێكی كۆبونەوەكە، لەسەرەتای دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سڵاو و ڕێزی سەرۆک ماکڕۆنی بە مەسعود بارزانی ڕاگەیاند و ووتی: ئەوە جاری حەوتەمە سەردانی کوردستان دەکەم و سۆزێکی زۆرم بۆ ئێرە هەیە و هاتووم سڵاو و ڕێزی سەرۆک ماکرۆن بە جەنابت ڕابگەینم و پشتیوانی فەڕەنسا بۆ گەلی کوردستان دووپات بکەمەوە.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەتایبەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دۆخی باکووری سووریا، تاوتوێ كرا.

لەراگەیندراوەكەدا هاتوە، مەسعود بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی فەڕەنسا لە پشتگیری بەردەوامی دۆزی گەلی كورد، جارێکی دیکە نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخەکە و چارەنوسی کورد لە سوریا بۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕونکردەوە و ڕاشیگەیاند: هەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە پێشنیار بکرێت و لە هەر ڕێککەوتنێکدا پێویستە قوربانییەکانی کورد و چارەنوسی کورد لە سوریا لەبەرچاو بگیرێت. جارێکی دیکەش داوای کرد فەڕەنسا وەک دۆستێکی هەمیشەیی گەلی کوردستان و بەشێکی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا و روودانی کارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

هەر لە دیدارەکەدا بە ووردی باسی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش کرا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە دۆخی شێواوی ناوچەکەدا دەربڕی وجەختی لەسەر بەردەوامی هاوپەیمانیەتی و هاوکاری فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان دژی تیرۆر، کردەوە.

بارزانی ڕایگەیاند کە بەداخەوە ئەو ڕەوشەی زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی داعش و گرووپە هاوشێوەکانی ڕەخساند هێشتا ماوە و ئاڵۆزی دۆخەکە خزمەت بە سەرهەڵدانەوەی ئەوان دەکات. جەختیشی کردەوە کە شەڕی تیرۆر نابێ تەنها سەربازی بێت و پێویستە لەڕوی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فیکرییەوە ڕیشەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە وشک بکرێت.