image

پەیامی کورد    ...    مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی مەترسی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا پەیامێکی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

مەترسی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستی پابەندبوون بە رێنماییە تەندرووستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندرووستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندرووستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسی گیان و تەندرووستی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.

من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندرووستیەکان بن و تەندروستی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەری ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.

سەلامەتی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

2020/5/29