image

پەیامی کورد      ...    مەڵبەندی کەرکووکی یەکیتی هۆشداری دەداتە " سەرۆککۆمار ، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ و ...  "

لە بەرامبەر هێنانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ سنوورەكانی كەركووك و خورماتوو، مەڵبەندی كەركووكی یەكیتی هۆشداری دەدات و هەنگاوەكە بە داگیركاری وەسفدەكات، داواش لە سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی عیراق دەكات پرسەكە چارەسەر بكەن.
لە راگەێندراوێكدا مەڵبەندی دووی یەكیتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، "بە داخەوە لە كاتێكدا هاونیشتمانییانی كەركوك و دوزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێكردنی بۆنەكانی جەژنی قوربانن، لەم كاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستووری و یاساییەكان بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان، كە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە كەركوك و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبكردن هێنرابونە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێكی تر و بە مەبەستی بە عەرەب كردنەوەی ناوچەكانی حەفتەغار و مەهاوش و كولیتەپەی سەر بە شارۆچكەی داقوق، بەهێزێكی زۆرەوە هاتوونەتەوە سنورەكە و دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەویوزاری كوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتەجێ بكرێنەوە!"
ڕوونیشكراوەتەوە: "لەم رووەوە داوا لە سەرۆك كۆمار و سەرەك وەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ و نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە دەكەین، كە بەپەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیركارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی كۆمەڵایەتی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی كەركووك تێكبدرێ. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوكەوتە داگیركارییە رەتدەكەینەوە و بە سەرەتایەكی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێكترازانی نێوان پێكهاتەكان، بە تایبەتیش نێوان كورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكەین بەپەلە رێوشوێنە دەستورییەكان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیركارییە بگرن و لایەنگیری نەكەن!"
مەڵبەندی كەركووكی یەكیتی دەشڵێت "لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری كورد ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێك دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێكی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووك و پەرلەمانتارەكان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەندییان بە سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ و لایەنەكانی ترەوە كردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن و هەر رێوشوێنێك پێویست بوو بگرینەبەر‌ بە مەبەستی كۆتایی هێێنان بەم كێشەیە".