image

پەیامی کورد     ...    كۆسرەت رەسوڵ هۆشداری تووند دەداتە لاهوور جەنگی و پاڤێڵ تاڵەبانی 

كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی داوا لە هاوسەرۆكانی حیزبەكەی دەكات رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و كۆتایی بەو كارە نایاساییانە بهێنن، كە لەدەروازە سنوورییەكاندا دەكرێن و "بونەتەهۆی خراپبوونی ناوبانگی یەكێتی". 
لە نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، كە بۆ پاڤێڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتی نێردراوە و لە میدیای ناوخۆییدا بڵاوبۆتەوە، ئاماژە بەوەدراوە "كوردستان بە دۆخێكی سەختی ئاووریدا تێدەپەڕێت و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان لە ئاستێكی زۆر خراپدایە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت لەكاتی خۆیدا مووچە بدات و فەرمانبەران و مووچەخۆران لە چاوەڕوانی هاتنی مووچەكانیاندان، لەملاشەوە گەندەڵی پەرەی سەندوە و ووردە ووردە فراوان دەبێت".
هۆشداری ئەوەش دەدات، بەگوێرەی ئەو دۆكیومێنت و بەڵگانەی رۆژانە بەدەستیان دەگات، لە مەرزەكانی پەروێزخان و باشماخ و چەند شوێنێكی تر كاری نایاسایی زۆر ئەنجامدەدرێت، كە بوونەتەهۆی خراپی ناوبانگی یەكێتی و دواجار دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی حزبەكە و گەلی كوردستان دەشكێتەوە.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەشڵێت "لە رێگەی ئەم نامەیەوە ئاگادارتان دەكەینەوە، كە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و كۆتایی بەو كارە نایاساییانە بهێنن، هەر كەسێك لە هەر پلەو پۆستێكدا بێت، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت و سزا بدرێت".
هەروەك هۆشداری دەدات لە ئەگەری هەنگاو نەهاویشتنی هاوسەرۆكان و رێگری نەكردن لەو كارانە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە كۆنگرە پێیاندراوە وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر.