image

پەیامی کورد     ...      حکوومەت كۆمەڵێك بڕیاری بۆ چاكسازی لە بواری دەرماندا دەركرد

سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە دەرمان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چاكسازیكردن لە بواری دەرماندا، كۆمەڵێك بڕیاری دەركردووە، بە جۆرێك لەمەودوا دەبێ دەرمان بە سەلامەتی بگاتە دەستی ھاووڵاتیان و رێگە نادرێت كەس بۆ گیرفانی خۆی بازرگانی بە دەرمانەوە بكات.

زانا مەلا خالید، سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە دەرمان لە پەرلەمانی كوردستان  ڕایگەیاند : "ھەنگاوی باش بۆ چاكسازی لە سێكتەری دەرماندا نراون و كۆمەڵێك خاڵمان وەك راسپاردە بۆ چاكسازی دابووە حكوومەت و ئێستاش راسپاردەكان بوونەتە بڕیار، كە ٣٣كۆمپانیای دەرمان خرانە لیستی ڕەشەوە، لەگەڵ ھەڵگرتنی دەرمان بە شێوەیەكی دیكە و هەروەها فلتەری دەرمان لە دەست كۆمپانیاكان نابێت و ھەندێك رێكاریش ھەبوون لە دەستی كۆمپانیا تایبەتەكان بوون، لەمەودوا حكوومەت خۆی رێكارەكان دەگرێتە بەر، بۆ ئەوەی بزانین ئەو دەرمانانە سەلامەتن كە ھاووڵاتیان بەكاری دەھێنن".

مەلا خالید گوتیشی: "كۆمەڵێك ھەنگاوی دیكە ھەن ئەوانیش دەنرێن، گرنگ ئەوەیە ئەو دەرمانەی دەگاتە دەستی ھاووڵاتی، دەبی بزانین سەلامەتە و چیتر رێگا نادەین دەرمانی نایاسایی لە بازاڕەكانی ھەرێم بفرشرێن".

دەشڵێ، بڕیارەكان دەرچوونە و دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە.