image

پەیامی کورد     ...   هەولێر و بەغدا لە ئاستانەی ڕێکەوتنی سیاسی دایە

ئەندامێكی شاندی كوردی لە لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو رایگەیاند، گفتوگۆكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بوودجە بەردەوامن، بەڵام بۆ جێگیركردنی پشكی ھەرێم لەو پڕۆژەیاسایەدا، پێویستە ھەرێم و بەغدا رێككەوتنی سیاسی بكەن.

زاگرۆس فەتاح، ڕایگەیاند : " گفتوگۆكانمان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامن و، لە ئێستادا بۆ جێگیركردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی كوردستان چاوەڕێ دەكەین ھەرێم و بەغدا رێككەوتنێكی سیاسی بكەن و دواتر ئێمەش لە ڕووی تەكنیكییەوە كاری بۆ دەكەین و بەشەبوودجەی ھەرێم لە بوودجەی ساڵی داھاتوودا جێگیر دەكەین".

فەتاح ووتیشی: "ھەر كاتێك رێككەوتنی سیاسی كرا، ئێمەش ئامادەكردنی بوودجەی ساڵی داھاتوو تەواو دەكەین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ئەمساڵیش، كاریگەری لەسەر ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی دەبێت بۆ بوودجەی ساڵی داھاتوو.

دەشڵێ: " تاوەكوو ئێستا رێككەوتنی سیاسی نەكراوە و چاوەڕێ دەكەین كە رێككەوتنی سیاسی بكرێت، بۆ ئەوەی ئەوكات ئێمەش كاری خۆمان تەواو بكەین".