image

پەیامی کورد    ...   جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نووسراویان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی کردوە، کە ناکرێت مووچە فەرمانبەران بە هیچ هۆکارێک دوابخرێت، دەشڵێت، "خەرجکردنی پارەکە واژووی لەسەر کراوە و لە ماوەیەکی کەمدا دەگاتە هەرێمی کوردستان".

بەشیر حەداد، جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند : "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەگەر دواش کەوتبێت هیچ مەترسییەکی لەسەرنیە، چوونکە بە گوێرەی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ پشکی هەرێم وەکوو خۆی دەڕوات و کەس ناتوانێت رایبگرێت، بەڵام بەهۆکاری هەندێک کێشەی هونەری و تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی رەوانەکردنی دواکەوتوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان نووسراویان کردووە بۆ وەزارەتی دارایی کە هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە مووچەی هەرێمی کوردستان رابگرێت، "بە گوێرەی زانیارییەکانمان بڕیاری خەرجکردنی  پارەکە دەرچوە و لە یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوودا دەگات هەرێم". 

لەبارەی وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش، جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، "واچاوەڕوان دەکرێت تاوەکوو رۆژی یەکشەممە پارەکە بگاتە کوردستان و دەست بە دابەشکردنی بکرێت".