image

پەیامی کورد    ...   دوابەدوای ڕاگەیاندنی گشتی بۆ نەهێشتنی زێدەڕەوی لە بەکارهێنانی کارەبا، ھەزاران ھاووڵاتی بۆ نەھێشتنی ئەم حاڵەتە لەسەر كارەبا روویان لە فەرمانگەكانی كارەبا كردووە، بەڕێوبەری گشتی كارەبای ھەولێریش دەڵێ، پێویستە ھاووڵاتیان پەلە بكەن بۆ ئەوەی بەر لێخۆشبوونی حكوومەت بكەون.

بەپێی بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، یەك مانگ مۆڵەت دراوە بە ھاوبەشانی كارەبا ئەوانەی كێشەیان لە پێوەردا ھەیە، یانیش ئەوانەی بە زێدەڕۆ كارەبایان راكێشاوە، ھاووڵاتیانیش بۆ نەھێشتنی زێدەڕۆیی سەر كارەبا و سوودوەرگرتن لە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە لێشاو روویان لە فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزە كردووە و بەو ھۆیەوە قەرەباڵغییەكی زۆر لەو فەرمانگانە دروست بووە.

سەركەوت محێدین، كە ھاووڵاتییەكی شاری ھەولێرە، لەبارەی بڕیارەكەی حكوومەتەوە، دەڵێ: "بڕیاری حكوومەت لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندایە، چونكە ئەگەر بە ھۆی بڕیارەكەوە نەبووایە، ئەوانەی كارەبایان بە زێدەڕۆ بەكار ھێناوە، سزا دەدران و پارەیەكی زۆریشیان لێ وەردەگیرا، بەڵام ئێستا غەرامە ناكرێن و دەتوانن پێوەری كارەبا بەكار بێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەكە زۆر كەمە، چونكە ھاووڵاتی ھەیە پێشمەرگەیە لە ماڵ نییە، ھەیە كێشەی دیكەی ھەیە و پێڕاناگات".

ئەو ھاووڵاتییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "چەند رۆژێكە دەمەوێ سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا بكەم بۆ ئەوەی پابەندی بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بم، بەڵام لە شارەوانی و فەرمانگەكانی كارەبا قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بووە و رۆژانە سەدان ھاووڵاتی سەردانی دەكەن، لەبەر ئەوە پێویستە پێداچوونەوەیەك ھەبێت و ماوەكەی درێژ بكرێتەوە تا ھەموو ھاوبەشێكی كارەبا سوودمەند بێت".

لەوبارەیەوە، حسێن حەمەد، بەڕێوبەری گشتی كارەبای ھەولێر، رایگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری حكوومەت لەبارەی نەھێشتنی كارەبای زێدەڕۆ و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی پێشتر لە پێوەری كارەبادا ھەبوون، رۆژانە ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا دەكەن و بەپێی ئاماری بەردەست تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا ٥٨٠ ھاوبەشی كارەبا ئەوانەی كێشەی پێوەریان ھەیە یانیش زێدەڕۆییان كردووە، سەردانی فەرمانگەكانی كارەبایان كردووە، ھەروەھا ٧٥١ كەسیش كە پێكھاتەكانیان بە زێدەڕۆ دروست كردووە، سەردانی فەرمانگەی كارەبایان كردووە، ئەوانەشی پێوەریان نییە ژمارەیەكی یەكجار زۆر روویان لە بەشەكانی فرۆشیاری وزە كردووە".

بەڕێوبەری گشتی كارەبای ھەولێر گوتیشی: "حكوومەت لە پارەی غەرامە و سزای سەر ھاووڵاتیان خۆش بووە، بۆ ئەوەی ھەموو كەسێك پابەند بێت بە گرێدانی پێوەری كارەبا، لەبەر ئەوەش ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان روویان لە فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزە كردووە".

پەیوەست بە قەرەباڵغی لە فەرمانگەكانی كارەبا و درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، حوسێن حەمەد دەڵێت: "بڕیارەكە تەنیا بۆ ماوەی یەك مانگە و پێویستە لەسەر ھەموو ھاووڵاتییەك تا كۆتایی ئەمساڵ كێشەی زێدەڕۆیی سەر كارەباكە چارەسەر بكات، تا بەر بڕیاری لێخۆشبوونی حكوومەت بكەوێت و بە پێچەوانەوە سزای یاسایی بەدواوەیە".

لەبارەی ئاشكراكردنی ناوی ئەو كەس و بەرپرسانەی زێدەڕۆییان كردووەتە سەر كارەبای نیشتیمانی، ناوبراو جەختی كردەوە: "لە دیوانی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەیەك بەڕێوە دەچێت و چی پێویست بێت لەو بارەیەوە بڕیاری لێ دەدرێت، ئینجا ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت بۆ رای گشتی یانیش لەگەڵ دەستپێكردنی ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ سەرپێچیكاران دەستگیر بكرێن و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە".