image

پەیامی کورد    ...    بەڕێوبەری گشتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت، ئەگەر پێنەدانی سوتەمەنی بە چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنان بەردەوام بێت، بۆیە هەیە كارەبا بە هاووڵاتیان نەدەن و تەنها بۆ شوێنە گشتییەكانی دابین بكەن.
سالار حسامەدین بەڕێوبەری گشتی كارەبای سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەتای زستانێكی خراپ لە روی پێدانی كارەباوە دەستیپێكرد و ئەمەش هەڵگری پەیامێكی خراپە بۆ رەوشی كارەبا لە هەرێم.
سالار حسامەدین ئاشكرایكرد، بەرهەمهێنانی كارەبا دابەزیوە بۆ ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات و خواستیش لەسەر كارەبا بەرزبۆتەوە بۆ ٦ هەزار مێگاوات، واتا بەرهەمهێنان و خواست ٥٠% جیاوازییان هەیە.
دەشڵێت، فشارێكی زۆر لەسەر محاویلە و فیدەرەكانی كارەبا هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان كارەبا بۆ گەرمكردنەوە بەكاردەهێنن.
بەڕێوبەری گشتی كارەبای سلێمانی باسیشی لە ئەگەری پێنەدانی كارەبا بە هاووڵاتیان كرد و وتی، چەندین یەكەی بەرهەمهێنان بە هۆی پێنەدانی سووتەمەنییەوە وەستاون و ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، لە داهاتوودا ئەگەر هەیە پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان بوەستێت و تەنها بدرێت بە شوینە گشتییەكان.