image

پەیامی کورد     ...    بەم مەرجە لە بەغدا بارەگای کوردستان دەکرێتەوە 

بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک پێی وایە لەگەڵ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک پارتی دەگەڕێتەوە نێو بارەگا داگیرکراوەکانی لە کەرکووک و دەڵێ، ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانمان پەیوەستە بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان.

دیاری حسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک بەردەوامن و بەر لە ساڵی نوێ ھەرێم و بەغدا گەیشتبوون بە ڕێککەوتن، بەڵام دواتر کابینەی حکوومەتی عادل عەبدۆلمەھدی ھەڵوەشایەوە و ڕێککەوتنەکە ڕاگیرا، ئێستا دانووستان ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە."

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "لەگەڵ پێکھێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش بڕیارە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، ئەوکات ئێمەیش وەک پارتی دەگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و بارەگاکانمان دەکەینەوە بە ڕووی ئەندام و جەماوەری خۆماندا."

ھەر لەبارەی ڕادەستکردنی بارەگاکانی پارتییەوە، ئەوانەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر داگیر کراون، دیاری حسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کەرکووک ھی ئێمەیە و ھیچ کات پارتی مساومەی لەسەر کوردستانیەتی کەرکووک نەکردووە، ڕادەستکردنەوەی بارەگانیشمان بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئێمە بارەگا نەک لە کەرکووک لە بەغداش ناکەینەوە، ئاڵای کوردستانی لەسەر نەبێت."