image

پەیامی کورد   ...   بە پێی ڕاگەێندراوی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ھەوڵیان داوە مووچەی كارمەندانی مەدەنی و سەربازی سەر بە  وەزارەتەكەیان ھاوتا بكرێت، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە نەكراوە و لە ئێستاشدا كە دۆخی ئابووری باش بووە، ھەوڵ دەدەن مووچەكەیان ھاوتا بكرێت.

د. سامی جەلال ، ڕایگەیاند: "دەمێكە لە بەغدا مووچەی كارمەندانی مەدەنی وەزارەتی ناوخۆ ھاوتای ھێزەكانی سەربازی كراوە و ئێمەش دوو جار داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لە ھەرێمی كوردستانیش مووچەكان ھاوتا بكرێت و ئەو جیاوازییەی ھەیە نەمێنێت، چوونكە مافی خۆیانە و لە بەغداش ھەمان بڕیار دراوە و پێویستە لە ھەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت".

جەلال گوتیشی: "لە ھەرێمی كوردستان كارمەندی مەدەنی دەرماڵەی مەترسی نییە و ئەوەی سەربازی ھەیئەتی، بەڵام لە بەغدا ھەردووكیان ھەیانە، بۆیە كارمەندانی مەدەنی ئێرەش پێویستە ھەیانبێت و مافی خۆیانە، چوونكە ھەر مەترسییەك ھەبێت، لەسەر ھەردووكیانە نەك تەنھا ئەوانەی سەربازین".

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم باسی لەوەش كرد: "پێشتر بە ھۆی قەیرانی داراییەوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەڵامی ئێمەی نەدایەوە، بەڵام ئێستا كە قەیرانی دارایی نەماوە، چاوەڕێ دەكەین حكوومەت ووڵامێكی ئەرێنیمان بداتەوە، چوونكە ناكرێت ئەو جیاوازییە بمێنێت و پێویستە مووچەكەیان ھاوتا بكرێت".