image

ڕاوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق گوتی، پڕۆژەیاسای بوودجە كە پەسەند كراوە، لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە و، سەرۆككۆماریش ناتوانێ رێگری لە تێپەڕاندنی بكات، بۆیە پێویستە كورد لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكات.

 

دوێنێ پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە بێ جێبەجێكردنی داواكاریی كورد، پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2018 پەسەند كرد، فڕاكسیۆنە كوردییەكانیش بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد و، دواتریش كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و تێیدا داوایان لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد كرد هەڵوێستی خۆیان رابگەیێنن.

راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راگەیاند: "پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق كە دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە بێ جێبەجێكردنی داواكاریی كورد پەسەند كرا، بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، بۆیە ئەگەر سەرۆككۆماریش واژۆی نەكات، بوودجەكە تێدەپەڕێندرێت، چونكە دەستەڵاتی نییە و مافی ڤیتۆیشی نەماوە وەكوو سەردەمی دەستەڵاتی مام جەلال".

ئەو راوێژكارەی سەرۆككۆماری عێراق گوتیشی، بە هۆی ئەوەی سەرۆككۆماری عێراق مافی ڤیتۆی نییە، كورد دەتوانێ لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكات، كە لەپڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق داواكارییەكانی جێبەجێ نەكراون.

وەك عەلیاوەیی ڕوونی كردەوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق نیازی چارەكردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نییە و، نایەوێت گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات، چونكە گەر دانوستان بكرێت پێكەوە دانیشتن ئەنجام دەدرێت و بە راشكاوانە هەردوولا داواكاریی خۆیان دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی رێككەوتنی لەسەر بكرێت، چونكە ناكرێت بەو شێوەیە وا لە خەڵكی كوردستان بكەن.

ئەو هەروەها دەشڵێ، سەرۆكایەتیی كۆمار زۆر هەوڵی دا بۆ چارەكردنی كێشەی كورد لە بوودجەدا و، لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و لیژنەی داراییشدا كۆ بووەوە، بەڵام دواجار ئەنجامەكەی ئەوە بوو ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند كرا، كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە.