image

پەیامی کورد    ...   تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا ئاماژە بەوە دەکات خەڵكانێك لە عیراق هاوسۆزییان بۆ پەكەكە هەیە، لەكاتێكدا ٤٠٠ هەزار پەنابەری كورد لە توركیادان. وتیشی "سەرێ‌ كانی كۆنترۆڵ كراوە و گرێ‌ سپی گەمارۆدراوە".
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەردۆغان لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە پەلامارەكانیان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، ڕایگەیاند : "٣٠ بۆ ٣٥ كیلۆمەتر دەچینە ناو خاكی سووریاوە و یەكپارچەیی خاكی ئەو ووڵاتەش لەبەرچاو دەگرین، ئەگەر حكومەتی سووریا ئەركی خۆی جێبەجێ بكردایە پێویستی نەدەكرد ئێمە ئۆپراسیۆن ئەنجامبدەین".
بە قسەی ئەردۆغان، شارۆچكەی سەرێ‌ كانی كۆنترۆڵ كراوە و گرێ‌ سپی-یش لە رۆژئاوای كوردستان گەمارۆدراوە، ووتیشی "هەموو هەوڵێكدەدەین بۆئەوەی خەڵكی سڤیل نەبنە قوربانی".
سەبارەت بەهەڵوێستی ئەمریكا لەسەر هێرشەكەیان، سەرۆكی توركیا ئاماژەی بەوەكرد، تێناگەن ئەمریكا پشتیوانی كام لایان دەكات، بەڵام جەختیكردەوە، كە یارمەتی توركیای نەداوە، لەكاتێكدا ٣٠ هەزار بارهەڵگر چەكی داوە بە هەسەدە و ئەوانیش بە چەكی ئەمریكی ڕووبەڕووی توركیا دەبنەوە.
سەبارەت بە ئاماری كوژراوەكانی سوپاكەی وتی "تائێستا دوو سەربازی توركیا و ١٦ چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سووریا كوژراون".
سەبارەت بە خۆپیشاندان و گردبونەوە و هاوسۆزی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، خەڵكانێك لە عیراقدا هاوسۆزییان بۆ پەكەكە هەیە، لەكاتێكدا ٤٠٠ هەزار پەنابەری كورد لەتوركیادان.