image

پەیامی کورد     ...     وەزارەتی دەرەوەی عێراق جارێکی هۆشداری تووند دەداتە تورکیا 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند بۆ وەڵامدانەوەی هێرش و پێشێلكارییەكانی توركیا ژمارەیەكی زۆر كارتی فشاریان لەبەردەستدایە و یەكێك لەوانەش پەیوەندی ئابووری نێوان هەردوو ووڵاتە.

ئەحمەد سەحاف، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "عێراق ژمارەیەك سەرچاوەی هێزی هەیە و یەكێك لەوانە كارتی ئابوورییە بەكاریبهێنێت وەك وەڵام بۆ توركیا، لەكاتێكدا دەیان كۆمپانیای وەبەرهێنان و ئابووری توركیا لەناو عێراقدا كاردەكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق بە مەزەندەی ١٦ ملیار دۆلار ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا هەیە، رێسا نێودەوڵەتییەكانیش مافی عێراق دەپارێزن".

لە درێژەی ووتەكانیدا ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ووتی "عێراق دەتوانێت داوای دانیشتنی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات لەگەڵ كۆبونەوەی بەپەلە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی هەماهەنگیی ئیسلامیی و لایەنی دیكە، دەشتوانێت رێكار دژ بە توركیا بگرێتەبەر".

سەحاف ڕوونیكردەوە، تەواوی ئەو فشارانە لەبەردەستی عێراقدایە دژ بە توركیا ، بەڵام تا ئێستا پێیانوایە لەرێگەی گفتوگۆ و دانووستانی سیاسییەوە دەتوانن كێشەكان چارەسەربكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی ئێستا لەنێوان بەغدا-ئانکارا بەهۆی پێشێلكارییەكانی توركیاوە هەیە.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە بەردەوامیی ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەبەزێنن لە ئەنجامی ئەو لەشكركێشییانەشدا ژمارەیەك هاووڵاتی سیڤیلی كورد شەهید و برینداربوون.