image

پەیامی کورد  ...   بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٠  دووشەممە رێکخراوی ووڵاتانی هەناردەکارانی نەوت و هاوبەشەکانی "ئۆپیک+" لەبارەی دۆخی نەوت لەبازارەکانی جیهان و هەنگاوەکانیان بۆ سێ مانگی داهاتوو کۆببنەوە، شارەزایانیش بەدووری دەزانن زیادکردنی هەناردەی نەوت بەشێک بێت لە کارنامەی کۆبوونەوەکان.

پێشووتر ووڵاتانی ئەندام لە "ئۆپیک+" رێککەوتبون لەسەر زیادکردنی هەناردەی نەوت لەسەرەتای ئەمساڵدا بەقەبارەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام شارەزایان بەهۆکاری بەردەوامی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو ووزەیە پێشبینی دەکەن زیادکردنی ئەو بڕە نەوتە بۆ سێ تا چوار مانگی دیکە دوابخرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە نەوتی برێنێت رێژەی ١.٢٨% بەهاکەی لەدەستداوە و بە ٤٦.٩٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت مامەڵەی پێوەکراوە، هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکا بە ٤٤.٥٧ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە. 

بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبوون و مردن بەکۆرۆنا لەماوەی رابردوودا، سەرەڕای کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن رێکخراوی ووڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، نرخی نەوت بەکەمی ماوەتەوە و تائێستا ئاسۆیەک بۆ بەرزبوونەوەی نیە.
مانگی ئازاری ئەمساڵ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمترین ئاستی لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ ەوە تۆمارکرد، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە خوار ٢٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.
بەگوێرەی شیکەرەوە ئابوورییەکان و پسپۆڕانی نەوت، هۆکاری سەرەکی ناجێگری نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا کە ئاسۆیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابورییەکان لەجیهاندا نەهێشتوەتەوە.