image


پەیامی کورد ... فەڕانسا دوای کوژرانی مامۆستایەکی قوتابخانە دەیان ڕێکخراوی موسڵمانەکان دادەخات

 

جیراڵد دارمانین، وزیری ناوخۆی فەڕانسا لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی Europe1، باسی لەوە کرد دوای دۆزینەوەی تەرمی مامۆستایەک بە سەربڕدراوی لە ناوچەی کۆنفلانس سانت-هۆنۆرینل، ٥١ دەستە و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی موسڵمانان لەلایەن دەوڵەتەوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە.

 

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەیەک لەو دەستە و رێکخراوانە بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، دادەخرێن.

 

هەفتەی رابردوو لە پاریس هەڵکوترایە سەر رێکخراوی بەرەکەسیتی (BarakaCity)، هەروەها ماڵی دامەزرێنەری رێکخراوەکە. 

 

لە میانی چەند هەفتەی رابردوودا، هەڵکوتانە سەر رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی موسڵمانان لە فەڕەنسا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

 

جیراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا،  لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا، باسی لەوە کردبوو لە چوارچێوەی ''بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی توندڕەو'' مانگی رابردوو ١٢ مزگەوت، خوێندنگەی تایبەت، رێکخراو و شوێنکاریان داخستووە و لە سەرەتای ساڵیشەوە تا ئێستا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە ٧٣.