image

پەیامی کورد     ...     پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کە پارتەکەی بۆریس جانسن سەرۆک وەزیرانی ئەو ووڵاتەیە و پێداگیری لەسەر دەرچوونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەورووپا دەکات، بەزۆرینەی رەها هەڵبژاردنە گشتییەکەی دوێنێی ئەو ووڵاتەی بردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی پارتی پارێزگاران لەهەڵبژاردنە گشتییەکەی دوێنێی ئەو ووڵاتەدا، لەسەدا ٦٧.٣-ی دەنگی بەشداربوانی بەدەستهێناوە کە زۆرینەی رەهای هەڵبژاردنەکەیە و بەوهۆیەشەوە بوە بەخاوەنی ٣٦٨ کورسی پەرلەمانی.
وپاش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ئەو هەڵبژاردنە کە ئامانج لێی یەکلایکردنەوەی پرسی برێگزت بوو، بۆریس جانسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند : ئەنجامی هەلبژاردنەکان دەسەڵاتی یەکلایکردنەوەی برێگزتیان دەداتێ و مانگی داهاتو بریتانیا لەیەکێتی ئەورووپا جیادەکەنەوە.
لەبەرامبەردا، جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکاران و رکابەری سەرەکی جۆنسن بۆ پرسی برێگزت، پاش راگەیاندنی ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکان کە پارتەکەی تەنها ١٩٩ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە رایگەیاند، لەخولی داهاتووی هەڵبژاردنەکاندا سەرکردایەتی پارتەکەی ناکات، بەوەش دەرفەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەدەستدەدات لەهەڵبژاردنی داهاتوودا.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پارتی کرێکاران کە دژایەتی دەرچوونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەورووپا دەکات یان لانیکەم دەرچوون بەبێ رێککەوتن رەتدەکاتەوە، لەناوچەکانی باکوور، میدلاند، وێڵز و ئەو شوێنانەی کە لەراپرسییەکەی ٢٠١٦ پشتیوانی برێگزت بوون دۆڕاندویەتی.
لەئێستادا بەوپێیەی پارتی پارێزگارانی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، پرسی برێگزت یەکلایی کراوەتەوە و بەریتانیا بەدڵنیاییەوە چیتر وەک ئەندامی یەکێتی ئەورووپا نامێنێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو پارتە پێداگیری لەدەرچوونی وڵاتەکەی لەیەکێتی ئەورووپا دەکات و پارتی ئۆپۆزسیۆنیش ناتوانێت کۆسپ بخاتە بەردەم هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی دەرچوون لەیەکێـی ئەورووپا، ئەمە جگەلەوەی بەهۆی بەدەستهێنانی ئەو رێژە زۆرەی دەنگ، گۆڕانکاری گەورە بەسەرو سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بریتانیادا دێت.