image


مەجید فەراهانی، سەرۆکی کۆمیتەی بودجەی ئەنجومەنی شاری تاران لە لاپەڕەی ئینیستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی، "ئەزموونی تەقینەوەکەی بەیرووت ئەزموونێکی تاڵ بوو کە بۆ هەمیشە لە مێژووی لوبناندا دەمێنێتەوە. دەبێت ئەو ئەزموونانە بۆ بەرپرسان ببنە وانەیەک.”

 

 فەراهانی لە درێژەی پۆستەکەیدا ئاماژە بەو شوێنە مەترسیدارانە دەکات کە لە ناوجەرگەی شارە گەورەکانی ئێراندا بوونیان هەیە و دەتوانن کارەساتی هاوشێوەی کارەساتەکەی بەیرووتیان لێ بکەوێتەوە.

 

بە وتەی ناوبراو، کۆگای نەوتی گەڕەکی شەهران لە تاران وەکو بۆمبێکی گەورەی ئەتۆمییە لەو شارەدا و لەسەر هێڵی بوومەلەرزەی مەشایە و دەبێت ئاگاداری بن.

 

ئەو کۆگای نەوتە لە ناوجەرگەی دانیشتووانی باکووری رۆژئاوای تاراندایە و رۆژانە 300 تانکەری 30 هەزار لیتریی نەوتهەڵگر هاتووچۆی ئەو شێونە دەکەن و دواییش بە گەڕەک و کۆڵان و شەقامەکانی گەڕەکی شەهراندا تێدەپەڕن. 

 

فەراهانی باس لەوە دەکات، هەر ئەوەندە یەک دانە لەو نەوتهەڵگرانە لەناو کۆگاکەدا تووشی رووداوێک ببن، بەشێوەی زنجیرەیی هەموو نەوتهەڵگرەکان و کۆگاکەش دەتەقنەوە و کارەساتێکی زۆر گەورەتر لە کارەساتەکەی بەیرووتی لێدەکەوێتەوە. 

 

فەراهانی هۆشداریی ئەوە دەدات، "ئەم مەترسییە رۆژانە 300 جار لەسەر دانیشتووانی گەڕەکی شەهران و دانیشتووانی تارانە، بەڵام هیچ بەرپرسێک گرنگیی پێنادات".

 

کۆگای نەوتی شەهران 50 پێش دروستکراوە و پسپۆڕانی بواری بیناسازی پێیان وایە زۆربەی کەلوپەلەکانی ئەو کۆگایە کۆن بوون و مەترسییەکی گەورە لەسەر شاری تارانە.