image


پەیامی کورد ... باڵوێزی ٢٤ وڵات لە بەغدا لە سەر هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان هاتنە دەنگ

 

باڵیۆزى ٢٤ وڵات و یەکێتى ئەوروپا لە بەغدا نیگەرانى خۆیان لەهێرشى سەر نێردە دیبلۆماسیەکان دەردەبڕن و جەختیش لە پشتیوانیەکانیان بۆ حکوومەتى بەغدا دەکەنەوە.

 

لەپاش کۆبونەوەیان لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق، باڵیۆزى ٢٤ وڵات و یەکێتى ئەوروپا لە بەغدا، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندوە، نیگەرانین لە زیادبوونى ژمارەى ئەو هێرشانەى کە دەکرێنە سەر نێردە دیبلۆماسیەکان، هێرشەکان تەنها مەترسى نیە بۆسەر نێردە یبلۆماسیەکان، بەڵکو مەترسیە بۆسەر هەموو عێراقیەکان، کوژرانى چەند هاووڵاتییەکیش لەنزیک فرۆکەخانەى بەغدا بەڵگەى ئەو راستیەیە.

 

سەرەڕاى نیگەرانیەکانیان، هەر ٢٤ باڵیۆزەکە بە باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپاشەوە، پێشوازیان لەو هەوڵانەى حکوومەتى عێراق کردوە کە بۆ کەمکردنەوەى ئەو مەترسیانە دەیدات و جەختیان لە سەر بەردەوامى پاڵپشتیەکانیان بۆ سەقامگیربوونى ئاسایشى عێراق کردوەتەوە.

 

ئەو ٢٤ وڵاتەش کە ناویان لە بەیاننامەکەدا هاتووە بریتین لە؛ ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، میسر، کرواتیا، یەکێتى ئەوروپا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، فینلەندا، یۆنان، ژاپۆن، ئوردن، بەحرەین، سعودیە، کوەیت، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، کۆریاى باشور، سربیا، ئیسپانیا، سوید، یەمەن و تورکیا.