image

پەیامی کورد      ...    بە پێی بڕیاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە شوقە بە سەر ئەم کەسانە دا دابەش دەکرێت

دوای ئەوەی لە قەلادزێ یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵکی کەم دەرامەت دا دابەش کران، بڕیارە لە ڕاپەڕینیش شوقە دابەش بکرێت و ووتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، لە زۆربەی شارەکان یەکەی نیشتەجێبوون درووست دەکەن.

مەریوان مەلا حەسەن، ووتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ڕایگەیاند: "دوای تەوابوونیان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە قەلادزێ ئەو یەکانەی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە درووست کرابوون بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتی سنوورەکە دابەش کران و بڕیارە لە قەزای ڕاپەڕینیش شوقە دابەش بکرێت و پڕۆژەی درووستکردنی شوقەکانی ڕاپەڕین کۆتایی ھاتووە.''

ووتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ووتیشی: "لە قەزای زاخۆش پڕۆژەی درووستکردنی شوقە بۆ خەڵکی کەمدەرات قۆناغی باشی بڕیوە و بڕیارە لە ھەولێر و زۆربەی شار و شارۆچکەکان یەکەی نیشتەجێبوون درووست بکرێت، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی لە ھەندێ ناوچە کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە."

لەبارەی ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن، مەریوان مەلا حەسەن ڕوونی کردەوە: "چەندین مەرج دیاری کراوە لە ڕێگەی پڕکردنی فۆڕمێکەوە لەوانەش بەشێکیان بۆ فەرمانبەرانی حکوومەت و ئەوانی دیکەش ئەو خێزانانە سوودمەند دەبن کە یەکەی نیشتەجێبوونیان نییە و داھاتیان سنووردارە، لە ڕێگەی ئیدارەی ھەر ناوچەیەک فۆڕم پڕ دەکرێتەوە."