ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لەسوریا

ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لەسوریا

لە بارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی لە ئێستادا تاوتوێی ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دەکەن لە لایەن رژێمی سوریاوە. نیگەرانیشی دەربڕی لە بە ئامانج کردنی ھاووڵاتیان. 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ریکس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کە پێویستە روسیا ئەرکی خۆی بەجێبھێنێت لە قایلکردنی رژێمی سوریا بۆ دەستبەرداربوون لە چەکی کیمیایی.
هاوکات تیلرسن داواشی کرد، کە روسیا بەکارھێنانی مافی ڤیتۆ دژی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کە مەبەست لێیان بۆ لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەو رەوشەی لەسەر خاکی سوریا روودەدات رابگرێت. 
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا، چەندین جار رژێمی سوریای تۆمەتبار کردووە بە بەکارھێنانی گازی کلۆر لە بۆردوومانەکانیدا، هەروەها ئەگەری بەکارھێنانی گازی (سارین)یشی لەلایەن سوریاوە بەدوور نەزانیوە.