ئەمریکا لەسەر گیراوانى جووڵانەوەى ئازادى جلپۆشین بە دەنگ هات

ئەمریکا لەسەر گیراوانى جووڵانەوەى ئازادى جلپۆشین بە دەنگ هات

دوێنێ هەینى، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بەیاننامەیەکى لەسەر دەستبەسەرکردنى دەیان کەس لەوانەى کە دژى باڵاپۆشى بە ناچارى لە لایەن ڕێژیمى ئیسلامی ئێرانەوە، بڵاو کردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە "بەلانى کەمەوە نزیکەى ٢٩ کەس لەوانەى کە ڕۆژى چوارشەممە دژ بە باڵاپۆشى ناچارى ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، دەستبەسەر کراون" و لە بەشێکى دیکەى بەیاننامەکەدا هاتووە "خەڵکى دەبێت لە جۆرى پۆشیندا ئازاد بێت و هەر دینێکى هەیە ئازادانە پەیڕەوى بکات".

 

'هێدێر نائۆرێت' وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاش بڵاوى کردووەتەوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەروا سوورە لەسەر پاڵپشتى لە مافى ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى بیروڕا و ئازادى گردبوونەوەى مەدەنیانە".

 

شایەنى باسە، لە پاش دەرکەوتنى کچەکەى شەقامى ئینقیلاب لەسەر سەکۆیەک و لابردنى لەچکەکەی و بەرزکردنەوەى بە هۆى دارێکەوە و ڕاوەشاندنى بە ماناى "ناڕەزایەتی دەربڕین دژى باڵاپۆشى بە ناچارى"، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانى ئێران ئەم شێوازە وەک ناڕەزایەتییەکى مەدەنى کارى لەسەر کرا و تا دێت ژنان زیاتر وێنەى خۆیان بە بێ لەچک بڵاو دەکەنەوە، لە بەرامبەریشدا پۆلیسى ئێران ئەم کەسانەی بە "فریوخواردووى کەمپەینى ئازادییە شاراوەکان" لەقەڵەم داوە و بە هەموو جۆرێک ڕێ لە پەرەسەندنى دەگرێت.