هەسەدە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هێرشەکانی تورکیا ڕابگرێت

هەسەدە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هێرشەکانی تورکیا ڕابگرێت

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (SDF) داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات پێش لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بگرێت و هەروەها خوازیارە تورکیا پابەند بێت بەو ئاگربەستە سی ڕۆژییەى کە عەفرینیش بەشێکە لێى. کینو گابریل راگەیاند "ئێمە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین پابەندی بڕیارەکەی خوی بێت و بەرپرسیار بێت لە ئاست ئەو بڕیارەی کە داویەتی، هەروەها خوازیارین شێوازێک بۆ چاودێری ئەو پێشەلکاریانەى تورکیا و هاوپەیمانە توندڕۆکانی بدۆزێتەوە و هەرچی زووتر ناچاریان بکات ئەو داگیرکەرییە ڕابگرن و پابەند بن بە ئاگربەستەکە."

پاش پەسەندکردنی ئاگربەستەکە و بەردەوامبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە بیانوی ئەوەی کە ئەم ئاگربەستە عەفرین ناگرێتەوە، ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕانسا رایانگەیاند کە ئاگربەستەکە عەفرینیش دەگرێتەوە.

گابریل گوتیشی "تورکیا و هاوپەیمانە توندڕۆکانی، ڕێککەوتنەکەى نەتەوە یەکگرتوەکانیان پێشێل کردووە، تورکیا بە شیوەێکی وەحشیانە ئەو گەڕەکانەی کە خەڵکی سڤیلی لێیە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە وەک بۆڕی ئاو بۆمباران دەکات."

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢٤ی فێبریوەرى لە سەر داوای کوەیت و سوید ئاگربەستێکی سی رۆژەی بۆ هەموو سوریا و ئەو لایەنەکانی بەشدارن لە ئاڵوزییەکانی سوریا، پەسەند کرد

هەسەدە پێشتر پێشوازی لە ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو و پابەندبوونی تەواوی خوێ بەو ئاگربەستە ڕاگەیاندبوو، بەڵام تورکیا و سوریا پێوەى پابەند نەبوونە.