فاکس نیوز: ئێران بنکەیەکى سەربازى نوێى لە نێزیک دیمەشق دروست کردووە

فاکس نیوز: ئێران بنکەیەکى سەربازى نوێى لە نێزیک دیمەشق دروست کردووە

تۆڕى هەواڵى تەلەفزیۆنی فاکس نیوز ڕۆژى سێشەممە بە بڵاوکردنەوەى وێنەى مانگى ئاسمانى کۆمپانیایەکى ئیسرائیلى بە ناوى (ImageSat International)، گوتى کە ئەم بنکەیە دوو باڵەخانەى لێکچووى تێدایە و لە ناوچەى جبل الشرقى لە ١٣ کیلۆمەترى پایتەختى ئەو وڵاتەوە دروست کراوە. فاکس نیوز دەڵێت سوپاى قودس ئەم بنکە سەربازییەى ئێران بەڕێوە دەبات و سەرپەرشتى دەکات.

چەندین مانگ بەر لە ئێستا ئیسرائیل چەندین جار باسى زیادبوونى دەستى ئێرانییەکانى لە سوریا کردووە و هۆشدارى ئەوەى داوە کە ئێران خەریکى گواستنەوەی چەکوچۆڵ و دروستکردنى بنکەى سەربازی و هاوکاریکردنى حیزبوڵایە. ئیسرئیل گوتوویەتى هێزە ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانیان لە نزیک سنوورەکانى خۆیان خەریکى داگیرکارین.

" بنیامین نەتانیاهۆ " ش دوو حەفتە بەر لە ئێستا و لە کۆنفڕانسى نێونەتەوەیی ئاسایش لە مۆنیخ پارچە ئاسنێکى بەرز کردەوە و گوتى ئەمە پارچەى " فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی " ئێرانییە کە ئیسرائیل خستوویەتییە خوارەوە.