داوای بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکیا لە لایەن " کەجەکە " وە

داوای بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکیا لە لایەن " کەجەکە " وە

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كۆما جڤكاێن كوردستان- كەجەكە، بانگەوازیی بایكۆتكردنی گەشتیاری بۆ توركیا، هەروەها كڕینی كەلوپەلی توركی كرد.
كەجەكە لەمیانی ڕاگەیەنراوێك ڕایگەیاند “سەرچاوە داراییەكانی حكومەتی توركیا دووانن، یەكەم پیشەسازی توركیا، كە چارەنووسەكەی بەستراوەتەوە بەدەسەڵاتی فاشیستی، دووەم، تاڵانكردنی دەستكەوتەكانی مێژووی كۆماری توركیاو پێشكەشكردنیانە بەسەرمایەی نێودەوڵەتی، زۆربەی كەلوبەلە توركییەكان لەپارچەكانی كوردستان دەفرۆشرێن، حكومەتی توركیا ئەو پارەیەی بەفڕۆشتنی كاڵاكانی بەگەلی كورد بەدەستی دێنێت لەدژی گەلی كورد بەكاریدێنێت، چەكیان پێدەكڕێت و بەو چەكانە منداڵی كوردیان پێدەكوژێت”.
هەروەها ڕایگەیاندووە “لەلایەكی دیكەوە نەوت‌و سەرچاوە سروشتییەكانی باشووری كوردستان تاڵان دەكات‌و داهاتەكەی لەدژی كورد بەكاردێنێت، بەكورتی ئەو چەكانە لەسوور، جزیرێ، نسیبێن، شرناخ، شەنگال، كەركوك‌و كۆبانی بەكاریهێناون‌و ئەمڕۆش لەعفرین گەلی كوردی پێكۆمەڵكوژ دەكات بەپارەی فڕۆشتنی كەلوپەلەكانی بە گەلی كورد”.
هەر لەڕاگەیەنراوەكە هاتووە، ئەگەر كۆمپانیا توركییەكان بایكۆت بكرێن لەئاستی نێوودەوڵەتیدا دەنگ دەداتەوەو ئەوەش وادەكات، كە كۆمپانیا جیهانییەكانیش هاوكارییەكانیان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە بوەستێنن.
هەروەها لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەبایكۆتكردنی گەشتیاری لەتوركیا كراوەو ڕاگەیەندراوە: بەشێكی گرنگی دیكە سەرچاوە داراییەكانی حكومەتی فاشیستی بۆ كڕینی چەك گەشتیاری لەو وڵاتەدایە، بۆیە بایكۆتكردنی گەشتیاری گرنگی زۆری هەیە، بۆیە بانگەوازیی گەلی كوردو خوشك‌و برایانمان لە كوردستان و ئەوروپا و وڵاتانی دیكە دەكەین، كە گەشتیاریی و كاڵا توركییەكان بایكۆت بكەن.