یەکیتی ، پارتی تۆمەتبار دەکات بە نانەوەی پشێوی لە کەرکووک

یەکیتی ، پارتی تۆمەتبار دەکات بە نانەوەی پشێوی لە کەرکووک

پارتی بەنانەوەی پشێوی و ئاژاوەو دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو هاوڵاتیانی كەركوك تۆمەتباردەكرێت و بەرپرسێكی یەكێتیش لەوبارەیەوە دڵنیایی دەدات و ڕاشیدەگەیەنێت : تەنها چەند خەڵكێكی ساویلكە بڕوا بە درۆ شاخدارەكان دەكەن و هەموو هەوڵێكیشمان بۆ ڕاگرتنی سەقامگیری شارەكەیە”.


جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی " یاسین عیزەدین "، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هەر ئەوانەی ڕیفراندۆمیان كردوو دەستەكەوتەكانی گەلی كوردیان بەماوەی چەند كاتژمێرێك لەدەستدا، ئێستا دەیانەوێت ماڵی كورد كاول بكەن بەبڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی بێ بنەماو دوور لەڕاستی، بەحسابی ئەوەی خۆیان لەسەر حەقن و دەیانەوێت بەو جۆرە كارانە، شكستەكانیان داپۆشن.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی، لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی عێراقەوە پارتی تۆمەتباركراوە بەبڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەو ترس و دڵەڕاوكێ لەنێوان هاووڵاتیان، دەشڵێت: “ئەو پڕوپاگەندانە لەبەرژەوەندی هیچ پێكهاتەو لایەنێكی كەركوك نییە، ئەم پڕوپاگەندانەی پارتیش وایكردوە بەئاسانی خەڵك شارەكەیان جێبهێڵن، بەڵام ئەو خەڵكانە كەمینەن كە بڕوا بەپارتی و درۆی شاخدار دەكەن، چونكە داعش ناتوانێت گوندێك داگیربكات، چۆن دەتوانێت شارێكی وەك كەركوك كۆنترۆڵ بكات”.
سەبارەت بەهەنگاوەكانی یەكێتی بۆ نەهێشتنی كاریگەری پڕوپاگەندەكان، یاسین عیزەدین وتی: “هەموو هەوڵێكی خۆمان خستۆتەگەر بۆئەوەی ئارامی لەشارەكەدا هەبێت و هاووڵاتیان لەترس و دڵەراوكێدا نەژین، خەڵكێكی زۆر كەمیش بڕوای بەو درۆیانە كردوەو دوای هەڵا كەوتوون”.