بەبڕیارێکی حکومەتی هەرێم رێگای هەولێر - کەرکوک کرایەوە

بەبڕیارێکی حکومەتی هەرێم رێگای هەولێر - کەرکوک کرایەوە

بەبڕیارێکی تاکلایەنە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگای هەولێر - کەرکوکی کردەوە، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکوکیش دەڵێت، هەموو رێگاکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە کراوەن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەپردێ، ئەمڕۆ هەینی کەمال کەرکوکی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکوک  رایگەیاند، کە هەموو رێگاکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە کراوەن و هاونیشتمانیان دەتوانن بە ئازادی هاتووچۆیان تێدا بکەن.
کەمال کەرکوک وتیشی، "ئێمە ئەوانە لەبیرناکەین کە بوونە هۆی بەدەستەوەدانی شاری کەرکوک و دەستگرتنی هێزی دوژمن بەسەر ئەو شارەو داگیرکردنی، رۆژێک دێت باجی کارەکەیان وەردەگرن.
جەختیشیکردەوە، کە "ئەمڕۆ هەینی (٢)ی ئازاری (٢٠١٨) حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم رێگاکانی تاکلایەنانە کردووەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەئاسانی هاوتوچۆی پێدا بکەن".
فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکوک، باسی چۆنییەتی دەرکردنی بڕیارەکەشی کردو وتی،  "رۆژی (٢٢)ی مانگی رابردوو لەکۆبوونەوەیەکدا بەسەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، بڕیاردرا ئەم هەفتەیە رێگاکە بکرێتەوە، رێگاکە لەلای خۆمانەوە واتە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەیە و هاونیشتمانیان ئازدن لە هاتووچۆکردندا". 
جێی ئاماژەیە  لە دوای ڕووداوەكانی (١٦)ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، لەكاتی هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ نزیك هەولێر، پردی ئاڵتون كۆپری لە (٢٠)ی ئۆكتۆبەر تەقێنرایەوە بۆ ڕێگری لە پێشڕەوی سوپا و حەشد بەرەو هەولێری پایتەختی هەرێم و دواتر ڕێگاكە بەتەواوی داخراو ماوەی زیاتر لە چوار مانگە ئەو ڕێگایە هیچ هاتوچۆیەکی تێدا ناکرێت.